|
ئهپۆریای هێرمۆنیتیکاو په‌رده‌ی زمان
هونه‌ری تێگه‌یشتن له ده‌ق
ئهپۆریا (aporia)ی
هێرمۆنیتیکا، واته کێشه‌ی گه‌وره‌ی بێ چاره‌سه‌ری لێکدانهوهسازی،
به‌و جۆره‌ی، که (پۆڵ ریکۆر) تێیده‌گا، ئهپۆریایهکه له سیمیۆلۆجیاوه
ده‌ست پێده‌کا، تا ده‌گاته راڤه‌کردن (explanation)و
تێڕامانی ئایینی.
هێرمۆنیتیکا به‌لای (پۆڵ ریکۆر)ه‌وه تیۆری پڕۆسه‌ی تێگه‌یشتنه (undestanding)و
په‌یوه‌ندیی تێگه‌یشتنیش به لێکدانه‌وه (interpretation)ی
ده‌قه‌وه‌یه. لێکدانه‌وه‌ی ده‌قیش به‌لایه‌وه راڤه‌کردنی ناگه‌یه‌نێ.
یه‌که‌م هه‌نگاوی هێرمۆنیتیکا، واته یه‌که‌م هه‌نگاوی تیۆری پڕۆسه‌ی
تێگه‌یشتن له ده‌ق، ئه‌وه‌یه، که په‌رده له‌سه‌ر (زمان) هه‌ڵده‌ماڵێ،
به تایبه‌تی زمانی نووسراو، که ده‌شێ به زیاتر له جۆرێ لێکبدرێته‌وه،
واته زیاتر له یه‌ک ناوه‌ڕۆکی هه‌بێ. به واتایهکیتر، ده‌شێ ئاماژه بێ
بۆ زیاتر له یه‌ک مه‌به‌ست. ته‌نها یه‌ک وشه، ره‌نگه چۆن ئه‌تۆم
ره‌فتاری هه‌یه، له هه‌ر دۆخێک‌دا جۆره کارێ ده‌نوێنێ، ئه‌میش وه‌ها به
پێی هه‌ر جۆره هه‌ست (sensitivity)و
جۆره نه‌ستێ، هه‌ر جۆره کات‌و هه‌ر جۆره شوێنێ، به جۆرێ واتا ببه‌خشێ.
واته (وشه)ش وه‌ک ئه‌تۆم، به پێی شوێنی له داڕشتندا، ره‌فتاری
سایکۆڵۆجیی هه‌یه‌و یه‌ک لایه‌نه کرداربهخش نییه. ئه‌مه
ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی زمان ئاپۆریای لێکدانه‌وه‌ی هه‌بێ، نه‌ک
ئاپۆریای راڤه‌کردن. ئاپۆریای لێکدانه‌وه‌ش ئه‌وه، که چۆن بتوانین له
فه‌رهه‌نگی زمان دروستکردندا واتای وشه‌یه‌ک بدۆزینه‌وه، که به تاقه
یه‌ک واتا لێکبدرێته‌وه‌و ئاماژه نه‌بێ بۆ دوو جۆر مه‌به‌ست (univocity)،
بۆ نموونه وشه‌ی (رادان) ئاماژه نه‌بێ بۆ دوو جۆر واتا: 1ـ ده‌نگدان.
2ـ راماڵیین. چونکه پێشگری (فۆنیمی) را له نێو زمانی کوردی‌دا، وه‌ک له
نموونه‌ی دووه‌مدا هاتووه، بۆ جووڵه به‌کار دێ. به‌ڵام له نموونه‌ی
یه‌که‌مدا بۆ جووڵه به‌کار نایه‌ت، به‌ڵکو بۆ شتێکی‌تر به‌کاردێ، که له
زمانی کوردی‌دا نییه، به‌ڵکو له زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه، که له
بنه‌ڕه‌تدا وشه‌ی (رأي)یه،
واته چاوگی بینین. ئێمه‌ی کورد ئه‌گه‌ر بێت‌و به راستی لێکی
بده‌ینه‌وه، له‌لامان ده‌بێته (بیبیندان)، نه‌ک (ده‌نگدان). بێگومان
(بینین) ئاماژه‌یه بۆ مهبهستێکو (ده‌نگ)یش ئاماژه‌یه بۆ
مه‌به‌ستێکیتر. ئیدی ئه‌گه‌ر بێت‌و له زمانی کوردی‌دا به‌م جۆره وشه بۆ
نێو فه‌رهه‌نگی کوردیمان داتاشرابێ، ئه‌وا دیاره هه‌ر له ئێستاوه خۆمان
له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قی هۆنراوه عه‌ره‌بییانه بپارێزین، که زۆرجار
بۆمان کراون به زمانی کوردی، چونکه ده‌قی هۆنراوه به پێی تیۆری پڕۆسه‌ی
تێگه‌یشتن، پڕه له ئاپۆرای لێکدانهوهگهریی هه‌ستیاری.
شڵایماخهر له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: بۆ خوێندنه‌وه‌و پاشان بۆ
لێکدانه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێ، پێویستمان به هونه‌ری تێگه‌یشتن هه‌یه (art
of understanding).
هه‌روه‌ها پێویستمان به‌وه‌یه ئاستی راڤهکردنو فیلۆڵۆجی (زانستی
به‌راورده زمان)ی ده‌قه ئاینییه‌کان به‌رز بکه‌ینه‌وه بۆ راده‌ی چه‌شنێ
له ته‌کنۆڵۆجیا، که کاری ته‌نها کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه پڕۆسانه
نه‌بێ، که به‌یه‌که‌وه نهگونجاونو ئێمه بێین پێکه‌وه بیانگونجێنین.
ده‌بێ، هه‌روه‌کو (کانت) ده‌ڵێ: هه‌موو کاتێ باوه‌ڕمان به‌وه نه‌بێ، که
بتوانین به تیۆری زانین (ئێپستمۆڵۆجی) له تیۆری بوون (ئۆنتۆڵۆجی)
تێبگه‌ین.
که‌واته له هه‌ر شوێنێکدا به هه‌ڵه تێگه‌یشتن هه‌بێ، هێرمۆنیتیکاش
هه‌یه. واته هێرمۆنیتیکا رێبازێکه بۆ تێگه‌یشتن، به واتایهکیتر،
هونه‌ری تێگه‌یشتنه.
گه‌ڕانه‌وه |