|
فه‌لسه‌فه له یۆنانه‌وه بۆ كوردستان

پێشه‌كی:
ئاشكرایه تاك‌و ئێستا، هه‌ر ره‌نج‌و كۆششێ بۆ دۆزینه‌وه، یان
ته‌كاندنی ئه‌و نووسراوه تۆزلێنیشتوانه درابێ، كه نه‌ریتی
ئاوه‌زو چاندی دێرینی كوردی له كوردستاندا تیادا تۆماركراوه،
كارێكی ئاسان نه‌بووه، به‌ڵام مه‌حاڵیش نه‌بێ، گه‌ر دڵسۆزانه‌و به
هه‌ناسه‌درێژی‌و به وردی رێگای لێزانی‌و زانستیی بگررێته به‌ر.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا بابه‌ت‌و مه‌به‌سته به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێ،
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكه: "ئایا كورد له مێژینه‌ی نه‌ریتی
ئاوه‌زییدا میراتیی فه‌لسه‌فیی هه‌یه؟ .. به واتایه‌كی‌تر، ئایا
كوردستان له مێژوویدا هیچ مه‌ڵبه‌ندێكی رۆشنبیریی تیادا هه‌بووه،
كه بۆی بووبێته مایه‌ی به‌هایه‌كی فه‌لسه‌فی؟
ره‌نگ
بێ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، تا راده‌یه‌ك، سه‌خت بێ، به‌ڵام
به ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده رۆشنبیرییانه‌ی، كه له
جوگرافیای مێژووی كوردستاندا هه‌بوون، ده‌توانرێ ده‌لاقه‌یه‌كی
رۆشن بۆ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی تا ئێستاش، له ئه‌نجامی
پشكنین‌و گه‌ڕان له‌م باره‌یه‌وه خه‌مڵابێ، چه‌ند شوێنه‌وارێكی
دێرینن، كه گرنگترین مه‌ڵبه‌ندی چاندی فه‌لسه‌فی بوون له مێژووی
خۆرهه‌ڵاتدا، بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌كیش، پاش رۆشنگه
فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان‌و میسر‌و سوریا، به تایبه‌تی له دوای
ساڵی 323ی پ.ز، كه (ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كه‌دۆنی)ی تیادا مردووه،
تا سه‌ده‌ی هه‌شته‌می زایین، له‌و شوێنه‌وارانه‌ش، وه‌ك (ئه‌نتاكیا:
ئافای: ئه‌نتیۆخی)و (حه‌ڕان)و (ره‌ها: روحا)و (نوسه‌یبین)و
(گوندی شاپوور).
لێره‌دا، ده‌شێ، ته‌نها ئه‌وه‌نده بوار هه‌بێ، كه بۆ ماوه‌یه‌كی
كه‌م، رۆشنایی بخه‌ینه سه‌ر یه‌كێ له‌و شوێنه‌وارانه‌و له
داهاتووشدا پشكنین‌و لێكۆڵینه‌وه بكرێ له‌سه‌ر شوێنه
دێرینه‌كانی‌تر، به ئومێدی ئه‌وه‌ی ده‌روویه‌ك بێ بۆ زیاتر
رۆشنكردنه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نه گرنگه، كه تا ئێستا وه‌ك پێویست لێی
نه‌كۆڵراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها پاڵهێزێكی روون‌و هانده‌رێكی بژێو بێ
بۆ ئه‌و نووسه‌ر‌و رۆشنبیرانه‌ی خولیای ئه‌م لایه‌نه‌ن، تاك‌و به‌شێ
له‌م ئه‌ركه پیرۆزه بگرنه ئه‌ستۆیان‌و ئه‌وانه‌ی لێره‌شدا به
هه‌ڵه لێكداربێتنه‌وه‌و بۆی چووبین، به شێوه‌یه‌كی زانستانه راست
بكرێنه‌وه، تاك‌و به هه‌موو زیاتر خزمه‌ت به كه‌له‌پوورو چاندی
كورده‌واریمان بگه‌یه‌نین.
مێژووی شاری حه‌ڕان:
حه‌ڕان
HARRAN
شارێكی زۆر دێرین‌و گرنگ بووه له مێژووی كوردستاندا، یه‌كێكه له‌و
شوێنه‌واره دێرینه له‌بیرچووانه‌ی كوردستان، كه له‌وانه‌یه له
لایه‌ن زۆربه‌ی ئاخێوه‌رو رۆشنبیری كورده‌وه ئه‌وه‌نده به‌رگوێ
نه‌كه‌وتبێ. ئه‌م شاره، كه كه‌وتۆته سه‌ر رووباری گۆلاو، كه
عه‌ره‌ب كردوویه به (جوللاب
jullab)،
له كۆندا بووه به كاروانسه‌رایه‌ك بۆ رێگاكانی خۆرهه‌ڵات‌و
خۆرئاوا. (یۆنانی)یه كۆنه‌كان ئه‌م شاره‌یان به
Kappav
ناوبردووه‌و رۆمه
بیزه‌نتییه‌كانیش به كه‌رخه
Carkhaو
كه‌شیشه دیانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به هێلینۆپۆلیس
Hellenopolis
ناویان بردووه، كه به واتای شاری (بێ دین) دێ، چه‌نكه
دانیشتوانی، له كاتی په‌یدابوونی ئایینی (دیان)یشدا، هه‌ر له‌سه‌ر
بیر‌و باوه‌ڕی خۆیان بوون.
ئه‌م
شاره، هه‌ر وه‌كو له (یاقووت ئه‌لحه‌مه‌وی)دا باسكراوه،
قه‌ڵه‌مڕه‌وی چواره‌م بووه‌و به قۆناغ، تاقه رۆژێ له شاری
(ئورفه Urfa)ی
ئێستا‌و دوو رۆژیش له (ره‌خا
Rakha)وه
دوور بووه، شارێكی گه‌لـێ دێرین بووه‌و خه‌ڵكه‌كه‌یشی
بیروباوه‌ڕیان وا بووه، كه ئه‌م شاره زادگای حه‌زره‌تی (براهیم)ی
پێغه‌مبه‌ر بووبێ. ماڵی (سین
Sinی
خواوه‌ندی مانگ)یش بووه. جا به گوێره‌ی بۆچوونی ئه‌لبه‌یروونی
بێ، كه له (الآثار الباقیة)دا ئاماژه‌ی بۆ كردووه، شاری حه‌ڕان
تایبه‌ت بووه به خواوه‌ندی (سین)و ده‌شێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش
بووبێ، كه له شێوه‌ی مانگدا دروستكراوه.
له
سه‌رده‌می خه‌لیفه (عومه‌ری كوڕی خه‌تاب)دا، له ساڵی 19ی كۆچی
(640 ز)دا، ئیسلامه‌كان، به بێ جه‌نگ چوونه‌ته شاره‌كه‌وه، كه
له‌و ده‌مه‌دا گرنگترین شاری هه‌رێمی (دیار موده‌ر) بووه. هه‌ر
وه‌كو (ئه‌ل به‌لازري)یش له (فتوح البلدان)دا ده‌ڵێ: "ئه‌یادی كوڕی
غه‌ننام، به بێ جه‌نگ شاری (حه‌ڕان)ی داگیركردووه." (ئه‌بی
عوشه‌یب)یش له (عیون الانبا‌ء في طبقات الاطباء)دا نووسیویه‌تی، كه
له سه‌رده‌می ئومه‌وییه‌كاندا، خه‌لیفه (عومه‌ری كوڕی
عه‌بدولعه‌زیز) پزیشكگای ئه‌سكه‌نده‌ریای گواستۆته‌وه بۆ شاری
حه‌ڕان. خه‌لیفه مه‌ڕوانی دووه‌میش كردوویه‌تی به نشینگه‌ی خۆی‌و
پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئومه‌وی. هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌ویشدا بووه،
كه بناغه‌ی مزگه‌وتی به‌ناوبانگی حه‌ڕان دانراوه‌و مزگه‌وته‌كه
كراوه‌ته‌وه. (ئه‌ل یه‌عقووبی) له (التاریخ)دا ده‌ڵـێ: "كه
خه‌لیفه مه‌روان كۆشكه‌كه‌ی خۆیی تیدا به ناوی (لباب البین)
دروستكردووه، ئه‌م كۆشكه نزیكه‌ی ده ملیۆن درهه‌می ئه‌و
سه‌رده‌مه‌ی تێچووه."
له
مێژووی (ئه‌لته‌به‌ڕی)دا نووسراوه: "كاتێ عه‌باسییه‌كان، كه
ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئێران‌و عاره‌بستانی عیراق‌و به‌شی خۆرهه‌ڵاتی
كوردستاندا سه‌پاندووه، خه‌لیفه (مه‌ڕوانی كوڕی حه‌كه‌م)یش له دوا
هه‌وڵدانیدا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خیلافه‌ته‌كه‌ی، له شاری
(حه‌ڕان)ه‌وه به سوپایه‌كی دوانزه هه‌زار جه‌نگاوه‌ره‌وه
به‌ره‌نگاریی عه‌باسییه‌كان بۆته‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه خۆی
له‌به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌دا رابگرێ. به‌م چه‌شنه، ئه‌م شاره چۆته ژێر
ده‌سه‌ڵاتی عه‌باسییه‌كان‌و كۆشكه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته به‌ر تاڵان‌و
وێرانكردن، تاك‌و سه‌ره‌تای سه‌رده‌می حوكومڕانیی خه‌لیفه (هارونی
ره‌شید)یش هیچ بایه‌خێكی ئه‌وتۆی پێ نه‌دراوه، به‌ڵام پاش
ماوه‌یه‌ك، كه كه‌وتۆته نه‌خشه‌كێشان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و
گه‌شاندنه‌وه، ئه‌م شاره بۆ جارێكی‌تر به‌ر ئه‌و بایه‌خپێدانه
كه‌توتووه." هه‌روه‌كو (ابن الندیم البغدادي) له (الفهرست)دا
ده‌ڵـێ: "جۆگه‌یه‌ك له رووباری (گۆلاو)ه‌وه بۆ شاره‌كه براوه.
كاتێكیش خه‌لیفه (مه‌ئموون)، له ساڵی 215ی كۆچی (830 ز)دا هێرشی
بۆ سه‌ر بیزه‌نته‌كان بردووه، به نێو ئه‌م شاره‌دا تێپه‌ڕیوه. جا،
كه زانیوێتی دانیشتوانه‌كه‌ی (بێ دین)ن، زۆری لێكردوون، كه
ئایینێ بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن، ئیتر یان ببن به موسوڵمان، یان هه‌ر
ئایینێكی‌تر، كه ئیسلام رێگه‌ی بدا. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ به بێ ئایین
بمێننه‌وه، ئه‌وا به زه‌ندیق سه‌یرده‌كرێن‌و نه‌فره‌تیان
لـێده‌كرێ‌و له‌ناو ده‌برێن. ئه‌وانیش بۆ ئه‌وه‌ی له مردن خۆیان
بپارێزن، داوایانكردووه رێ‌یان بده‌ن ببنه (سائیبی)، كه ئیسلام
پاوانی نه‌ده‌كرد." هه‌رچه‌نده ئه‌و ئازادییه ئایینییه‌شیان تا سه‌ر
بۆ نه‌لواوه، چه‌نكه له سه‌رده‌می سه‌ده‌ی پێنجه‌می كۆچی
(یانزه‌ی زایینی)دا دیسانه‌وه نائاسووده كراونه‌ته‌وه‌و
دواپه‌رستگاشیان تاڵانكراوه‌و رووخێنراوه.
دوای
ئه‌وه شاری حه‌ڕان كه‌وتۆته ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی
(نومه‌یری)یه‌كانه‌وه، كه عاره‌بی ده‌شته‌كی‌و ده‌وارنیشین بوون.
یه‌كه‌مین سه‌رگه‌وره‌و ده‌سه‌ڵاتداریشیان كه‌سێ بووه به ناوی
(وه‌ساب) (380 ـ 410)ی كۆچی (990 ـ 1019)ی زایینی.
شایانی باسه، له‌سه‌ر یه‌كێ له ده‌روازه‌كانی قه‌ڵای شاره‌كه
ناوی (مانی)ی لـێهه‌ڵكۆڵراوه، كه سێیه‌مین سه‌رگه‌وره‌ی ئه‌و
بنه‌ماڵه‌یه بووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، كه ئه‌و (مانی)یه
تا مردنی، كه نزیكه‌ی 456ی كۆچی (1063ز) ده‌كا، فه‌رمانڕه‌وایی
ئه‌م شاره‌ی كردووه. كاتێ، كه ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه فه‌رمانڕه‌وایی
خۆیان به (فاتمییه‌كان)ه‌وه به‌ستۆته‌وه‌و چوونه‌ته پاڵیان، ئیتر
شاری حه‌ڕان یش، تا نزیكه‌ی ساڵی 475ی كۆچی (1081ز) بۆته یه‌كێ
له شاره‌كانی ده‌وڵه‌تی فاتیمی، به‌ڵام له دوای ئه‌وساڵه‌وه،
ئیتر كه‌وتۆته ژێر ركێفی لایه‌نگرێكی سه‌لجوقه‌وه به ناوی
(ئوخه‌یلدی شه‌ره‌فولده‌وله)و له لایه‌ن (یه‌حیای كوڕی
ئه‌لشاتڕ)یشه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی كراوه. هه‌رچه‌نده، پاش دوو ساڵ
حه‌ڕانه‌كان بۆ ئازادی وه‌ده‌ستهێنان له دژی ئه‌و
فه‌رمانڕه‌واییه‌و ده‌سه‌ڵاتی سه‌لجوقه‌كان راپه‌ڕیون، به‌ڵام زۆر
به خێرایی‌و دڕندانه سه‌ركوتكراون‌و نا‌ئومێد بوون. خاچدروشمه‌كانیش
Crusaders
، كه له ساڵی 1104ی زایینی‌دا شاری ئێدیسا
Edessa
یان داگیركردووه، ئاوی جۆگه‌كه‌یان له حه‌ڕان بڕیوه.
كاتێ
(عیماده‌دینی زه‌نگی) میرنشینی زه‌نگیی له موسڵ‌دا دامه‌زراند،
له نزیكی ساڵی 521ی كۆچی (1127ز.)، شاری (حه‌ڕان)ی كرده به‌شێ
له ده‌سه‌ڵاتڕه‌وی خۆی. له سه‌رده‌می میر (نوره‌دین)یشدا ساڵی
544ی كۆچی (1149ز.)و دواتریش له لایه‌ن سه‌لاحه‌دینی
ئه‌یوبییه‌وه بایه‌خ‌و گه‌شه‌ی پێدراوه‌و مزگه‌وته‌كه‌ی فراوانتر
كراوه. ئیتر له‌و ده‌مه‌وه، دوو فه‌رمانڕه‌وای تیادا ده‌سڕۆ بووه.
یه‌كێ بۆ سه‌رانسه‌ری شاره‌كه‌و ئه‌وی تر بۆ قه‌ڵاكه‌ی.
(ابن
الاثیر) ده‌ڵـێ: "له ده‌وروبه‌ری 557ی كۆچی (1191ز.) سوڵتان
سه‌ڵاحه‌دین ئه‌و شاره‌ی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی (الملك العادل)ی
برایه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ی‌تر قه‌ڵاكه‌ی مه‌زنترو ئاوه‌دانتر
كرد."
شایانی باسه، كه له سه‌ده‌ی شه‌شه‌مدا دوو جار بوومه‌له‌رزه
لێیداوه، جارێ له ساڵی 508ی كۆچی (1114ز.)و دووه‌مجاریش له
ساڵی 552ی كۆچی (1157ز.).
مێژوونووسی ئیسلامی (ابن شداد) ده‌ڵـێ: "له نێوان ساڵانی 599ی
كۆچی (1202ز.)، بۆ 626ی كۆچی (1229ز.) حاجیب (عه‌لی) له لایه‌ن
سوڵتانی ئه‌یوبییه‌وه (الملك الاشرف) كراوه به فه‌رمانڕه‌وای
شاری حه‌ڕان.
خوارزمییه‌كان، كه له مه‌نگۆلستانه‌وه هاتوون، له ساڵی 635ی
كۆچی (1240ز.)دا شار‌و قه‌ڵاكه‌یان داگیركردووه، به‌ڵام پاش سێ ساڵ
ئه‌یوبیه‌كان له لایه‌ن (الملك الناصر)ه‌وه توانییان جارێكی‌تر
بیخه‌نه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. ئه‌مانیش پاش ماوه‌یه‌ک
فه‌رمانڕه‌واییان، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاندووه ئه‌و
ده‌سه‌ڵاتكزییه‌شیان رێی بۆ مه‌نگۆله ـ تاتاره‌كان خۆشكردووه، كه
زۆر به ئاسانی‌و به هێرشێكی دڕندانه‌وه خۆیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا
بده‌ن‌و چی‌یان بكه‌وێته رێ تاڵان‌و وێرانی بكه‌ن.
(ئه‌بولقاسم)، كه كوڕه‌زایه‌كی شێخی حه‌یات بووه (تاك‌و ئێستاش
گلكۆی له ده‌وری شاره‌كه ماوه) له‌گه‌ڵ (هۆلاكۆ)دا رێككه‌وتنێكی
كردووه‌و قه‌ڵای شاره‌كه‌ی داوه به‌ده‌سته‌وه.
له
ساڵی 662ی كۆچی (1262ز.)، (ته‌قێدین ئه‌حمه‌دی كوڕی ته‌یمیه)،
كه گه‌وره‌پیاوێكی ئایینیی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه، هه‌ر له‌و شاری
(حه‌ڕان)ه له‌دایكبووه‌و پاشان چۆته شاری دیمه‌شق له ساڵی 670ی
كۆچی (1271ز.)دا به زه‌بری هێزێكی (عه‌لادین تیبه‌رس)ه‌وه
توانیوێتی ته‌نگ به مه‌نگۆله‌كان هه‌ڵچنێ‌و ناچاریان بكا تا
ئه‌ولای موسڵ‌و (ماردین)یش پاشه‌كشێ بكه‌ن، به‌ڵام مزگه‌وت‌و
دیواری شاره‌كه‌و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خانووه‌كانیان وێرانكراوه.
له
ساڵی 703ی كۆچی (1303ز.)دا مه‌مالیكه‌كان هه‌ڵمه‌تیان بردۆته سه‌ر
مه‌نگۆله‌كان‌و شكاندوویانن. قه‌ڵه‌مڕه‌وی ناوچه‌ی جزیره، كه شاری
(حه‌ڕان)یش ئه‌و سه‌رده‌مه به‌شێ بووه لێی، كه‌وتۆته ژێر
ده‌سه‌ڵاتی مه‌مالیكه‌كانه‌وه. ئیتر له‌و مێژووه‌وه ئه‌م شاره
گرنگ‌و پڕ له كاره‌ساته، تاك‌و رۆژگاری ئیمڕۆمان، به وێرانه‌و بێ
ئاوه‌دانی ماوه‌ته‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی بیری فه‌لسه‌فی‌و وه‌رگێڕان له (حه‌ڕان)دا:
شاری
حه‌ڕان، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كانه‌وه،
رواڵه‌تێكی رۆشنبیریی فراوانی تیادا بینراوه. ده‌شێ بگوترێ، كه
له‌و سه‌رده‌مه‌وه گرنگترین مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری‌و دووه‌م
خوێندنگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی له دوای (ئاكادیمیا)[1]كه‌ی
ئیفڵاتوون‌و گرنگترین مه‌ڵبه‌ندی وه‌رگێڕانی به درێژایی ژیاری
ئیسلام تیادا دامه‌زراوه. زۆر له دانا‌و زانا به‌ناوبانگه‌كانی
ئیسلام ئاماژه‌یان بۆ گرنگیی ئه‌م شاره كردووه له هه‌موو
روویه‌كه‌وه، له‌وانه: ئیبنونه‌دیم، ئه‌لشه‌هرستانی، كه له (الملل
والنحل)دا به دوور‌و درێژی له‌سه‌ری دواوه، محه‌مه‌د جه‌میل
ئه‌لشه‌تتی له (مختصر طبقات الحنابلة)دا وێڕای ئه‌وه‌ی له
گرنگیی شاره‌كه دواوه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، كه بنكه‌ی
دینزای حه‌نبه‌لیه‌كان بووه. ئه‌م ناودارانه‌و چه‌ند كه‌سانی‌تری
مانه‌ندیان زۆربه‌ی چالاكی‌و بزووتنه‌وه‌ی باوه‌ڕو چۆنێتیی
بیركردنه‌وه‌ی حه‌ڕانییه‌كانیان له نووسراو‌و یادداشته‌كانیاندا
نمایان كردووه‌و ناوی ئه‌و حه‌ڕانی‌یه به توانا‌و
هه‌ڵكه‌وتووانه‌یان بردووه‌و ئاماژه‌شیان به‌و كارنامانه‌یان كردووه،
كه رۆڵێكی بژێویان له ره‌وتی مێژوودا گێرَاوه،
وه‌ک: (سابتی كوڕی قه‌ڕه)، كه چه‌ندین نووسراوی سروشتناسی‌و
میتافیزیكا‌و ئه‌ستێره‌ناسیی له یۆنانیی كۆنه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته
سه‌ر زمانی عاره‌بی. هه‌روه‌ها (ئه‌لبۆتانی)
(به زمانی لاتینی ئه‌لباتینیۆس
Albatenius
ی پێ ده‌وترێ)، كه یه‌كێكه له ئه‌ستێره‌ناسه به‌ناوبانگه‌كانی
مێژوو. هه‌ر له‌وانه‌وه‌ڕا ده‌گه‌ینه ئه‌و بیر‌و بۆچوونه‌ی، كه ئه‌م
حه‌ڕانییانه، بۆ یه‌كه‌مجار، ئه‌ستێره‌ناسیی بابل‌و په‌ند‌و
دانستنامه‌كانی ئێران‌و بیری فه‌لسه‌فیی یۆنانییه‌كانیان
گوێزاوه‌ته‌وه نێو رێبازی ئیسلامه‌وه‌و هه‌ر به هۆی ئه‌وانیشه‌وه
فه‌لسه‌فه‌ی خۆڕهه‌ڵاتی ــ ئیسلامی هاتۆته كایه‌وه. ئه‌مه‌ش
ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، كه ئه‌م شاره گرنگه، ده‌شێ مه‌ڵبه‌ندی
رێبازی هورمسی‌و ئامۆژگای ئیفڵاتوونیی نوێ (نیوپلاتۆنیزم) بووبێ،
هه‌روه‌ها زه‌مینه‌خۆشكه‌ری گوێزانه‌وه‌ی ئه‌و بیره فه‌لسه‌فییه
خۆرئاواییانه‌ش بووبێ بۆ خۆرهه‌ڵات، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه
بیروباوه‌ڕیان، خۆی له خۆیدا، زۆر لێكچوونی له‌گه‌ڵ بیره
فه‌لسه‌فییه یۆنانییه‌كاندا هه‌بووه؛ باوه‌ڕیان وا بووه، كه
هه‌رچی ئه‌ستێره‌یه خوداوه‌نده‌و چاودێر‌و كارگێڕی ئه‌م جیهانی
زه‌وی‌یه‌ن. با، باران، سه‌رماو گه‌رما، زایین‌و مردنی هه‌موو
زینده‌وه‌رێ، هه‌ر یه‌كێ له‌مانه ئه‌ستێره‌یه‌كی ئاسمان
خوڵقاندوویه‌تی. هه‌موو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ش، كه هه‌ریه‌كه‌و
خواوه‌ندێكن، په‌یوه‌ندیی یه‌زدانیی مه‌زنن به مرۆڤه‌وه. بێگومان
ئه‌م جۆره بیروباوه‌ڕه‌ش زۆر جیاوازه له‌و باوه‌ڕه‌ی، كه
پێغه‌مبه‌ران نێرراوی خودان بۆ مرۆڤ. واته حه‌ڕانییه‌كان بڕوایان
به‌وه نه‌بووه، كه پێغه‌مبه‌ران له
لایه‌ن خوداوه بۆ مرۆڤ
نێررابن‌و به‌لای خۆیانه‌وه پێویستییان به هیچ پێغه‌مبه‌رێ
نه‌بووه، چونكه به‌لایانه‌وه هه‌موو ئاده‌میزاد یه‌كسانن بۆ
په‌یوه‌ندیكردن به یه‌زدانه‌وه‌و گیانی هیچ مرۆڤێكیشیان له خۆیان
به باڵاتر نه‌زانیوه، كه په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به جیهانی
ئاسمانییه‌وه هه‌بێ.
به
واتایه‌كی‌تر، بڕوایان به‌وه نه‌بووه، كه ئاده‌م باوكی مرۆڤی
سه‌رزه‌مینه، به‌ڵكه مرۆڤ هه‌ر له سروشته‌وه دروست بووه. جا بۆ
ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ په‌یوه‌ندییان به ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانه‌وه
هه‌بێ، ده‌بوا هه‌ر یه‌كه ده‌روونی خۆی له جیهانی ئه‌ستوویی
(ماددی) پاك‌و خاوێن بكاته‌وه‌و له ئاره‌زووی ناپاک خۆی سه‌رفراز
بكا. (ابن الندیم)یش، كه له (الكندی)یه‌وه وه‌ریگرتووه، ده‌ڵێ:
"سائبیه‌كانی حه‌ڕان لایان وا بووه، كه ئاسمان ئاوه‌زانه، هه‌ر به
خۆی ده‌بوێ‌و چاكه‌و خراپه‌ش هه‌ر له گیاندا ده‌بێ‌و هیچ سزا‌و
پاداشتێكیش بۆ گیان بۆ زوروانێكی داهاتووی دیاریكراو هه‌ڵناگیرێ.
بۆچوونیشیان بۆ بوون‌و نه‌بوون، كات‌و شوێن، بزووتنه‌وه‌ی بوون هه‌ر
وه‌ك بۆچوونی (ئه‌ریستۆ)یه. خودا‌ش تاكه‌و بێ ره‌نگ‌و بێ وێنه‌یه،
(سۆلۆگسمۆس)ی نییه. واته به پێوان ناسه‌لمێنرێ‌و به ئاوه‌زیش
په‌یی پێنابرێ." هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه (البیروني) گوتوویه‌تی:
"ئێمه له‌وه زیاتر نازانین جگه له‌وه‌ی، كه ئه‌و حه‌ڕانییانه
خه‌ڵكێكن، كه خوا به تاك‌و بێگه‌رد ده‌زانن، به‌ڵام به چه‌وتی
بیری لـێده‌كه‌نه‌وه، چونكه نه ده‌بینرێ‌و نه زیانبه‌خشه‌و نه
زۆرداره، چاكه‌یشی ناخه‌نه پاڵ، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێ، كه ده‌ڵێن:
چاوگی رووناكییه." هه‌روه‌ها له (الآثار الباقیة)دا گوتوویه‌تی:
"حه‌ڕانییه‌كان، كه له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عه‌باسیدا (نزیك ساڵی
دووسه‌د‌و بیست‌و هه‌شتی كۆچی) خۆیان خستۆته ئامێزی دینی
سائیبیه‌وه، پێشتر به حه‌نه‌فی‌و گومڕا ناسرابوون. له به‌ره‌بابی
ئه‌وان، كه خاوه‌نی ئایینی كۆنی خۆرئاوایی ـ واته یۆنانی ــ
بوون، كه له پاش ئه‌وه‌ی رۆمه یۆنانییه‌كان بوون به دیان، ئه‌مان
هه‌ر له‌سه‌ر باوه‌ڕی خۆیان ماونه‌ته‌وه."
به‌ڵام
پرسیار لێره‌دا ده‌كرێ ئه‌وه‌یه، ئه‌م حه‌ڕانییانه چۆن بوون به
سائیبی؟ واته بۆچی ئایینێكی تریان جگه له‌و ئایینه
هه‌ڵنه‌بژاردووه؟ به تایبه‌تی ئایینێكی به‌هێزیان له رووی
سیاسییه‌وه هه‌ڵنه‌بژاردووه‌و، كه له هه‌مان كاتیش‌دا خه‌لیفه
(مه‌ئموون) زه‌بری گه‌وره‌ی له‌سه‌ریان هه‌بووه‌و به زه‌ندیق‌و
گومڕا له قه‌ڵه‌می داون؟
(ئه‌لبه‌یرووني)
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێ: "باوه‌ڕی سائیبی، كه هه‌ندێ
له خه‌ڵكی باشووری عیراقیش پێڕه‌ویان كردووه، به‌شێكه له
بیروباوه‌ڕی ئایینه‌كانی هیندی‌و فارسیی كۆن، كه ئه‌ستێره‌په‌رست
بوون." له مێژینه‌ی بیر‌و بۆچوونیانه‌وه وا ده‌رده‌كه‌وێ، كه
باوه‌ڕیان تێكه‌ڵێ بووبێ له زه‌رده‌شتی‌و مانه‌وی‌و پیتاگۆریزم
Pethagorismی
یۆنانی‌و هورمسی
Hermetismو فه‌لسه‌فه‌ی
رازگه‌ری Gnosism.
له‌و
پێغه‌مبه‌رو دانایانه‌ش، كه پێڕه‌ویان كردبێ، بریتی بوون له شیت،
ئیدریس، به‌ئادیمۆن، ئاگاتۆدیمۆن، هورمس، (سۆلۆن) باپیری
(ئه‌فڵاتوون)، والیس، فیتاگۆرس (پیتاگۆڕه‌س)و بابه شاسوار (كه
زانای ئیسلامی كیندی به باباوسواری ناوی بردووه)، كه باپیری
(ئیفڵاتوون)ه له دایكییه‌وه. به‌م چه‌شنه باوه‌ڕو بیر‌و بۆچوونه‌یان
توانییان پردێكی په‌یوه‌ست‌و به‌پیت بسازێنن بۆ گوێزانه‌وه‌ی بیری
فه‌لسه‌فیی یۆنان بۆ نێو ژیاری ئیسلام. به وه‌رگێڕان‌و ئه‌مجا به
لێكۆڵینه‌وه‌و لێكدانه‌وه توانیویانه ئامۆژگارییه‌كی وه‌ها بهێننه
كایه‌وه، كه مانه‌ندی ئاكادیمیاكه‌ی ئیفڵاتوونی ئه‌سینایی بێ
له گرنگیدا. هه‌ر به رێگای ئه‌و وه‌رگێڕان‌و لێكدانه‌وه‌و
لێكۆڵینه‌وه‌یان ببنه زانا‌و مامۆستای فه‌لسه‌فه؛ لێهاتووانه‌و
لێزانانه‌ش هزرو دیمانه فه‌لسه‌فییه‌كانی تایبه‌ت به خۆیان
بڵاوبكه‌نه‌وه. گرنگیی ئه‌م كاره‌شیان له‌وه‌دا بووه، كه
فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی‌و ئایینی ئیسلامیان له یه‌ك كاتدا خوێندۆته‌وه‌و
چوستانه‌و زرنگانه رێبازی نوێیان له فه‌لسه‌فه‌ی ئایینی لـێ
هه‌ڵگۆزیوه. بۆ نموونه: ئه‌و بیر‌و بۆچوونه فه‌لسه‌فییانه‌ی، كه
تایبه‌ت بووه به خۆیانه‌وه ده‌رباره‌ی بوون‌و گه‌ردوون‌و خودا‌و
خوداوه‌ند، توانیویانه بیئاوێزێنن له‌گه‌ڵ بیری میتافیزیكییانه‌ی
قورئان‌و تێڕوانینه فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان. هه‌روه‌كو (سابت ی
كوڕی قورره)، كه یه‌كێكه له وه‌رگێڕه هه‌ره لێهاتووه‌كانیان،
هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانی به فریشته لێكداوه‌ته‌وه. له‌و
كاره گرنگانه‌ی‌تریان ئه‌وه بووه، كه هه‌رچی زاراوه‌یه‌كی
سریانی‌و یۆنانی له كارنامه‌كانیاندا بهاتایه‌ته رێگه‌یان،
ده‌یانگۆڕییه سه‌ر زمانی عاره‌بی‌و شێوازی قورئانیان ده‌دایێ.
هه‌رچی ئه‌و زانا‌و دانایانه‌ی ئیسلامیش، كه به‌دوایاندا ده‌هاتن،
هه‌مان چه‌شن‌و رێبازیان ده‌گرته‌به‌ر‌و سه‌ركه‌وتووانه‌ش په‌ره‌و
گه‌شه‌یان به به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌دا.
زۆری
ئه‌و ژێده‌ر‌و سه‌رچاوه مێژووییانه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه
رێخۆشكه‌ری هاتنی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بۆ نێو حه‌ڕانییه‌كان له
شاری ئه‌سكه‌نده‌رۆنه‌ی سووریاوه بووه. سه‌رده‌می ئه‌و هاتنه‌ش
به‌ر له ئیسلام بووه‌و زیاتر له‌گه‌ڵ له‌شكركێشییه‌كانی
ئه‌سكه‌نده‌ری (مه‌كه‌دۆنی)دا ده‌ستی پێكردووه‌و تا وه‌ده‌ركه‌وتنی
ئیسلام‌و بڵاوبوونه‌وه‌شی هه‌ر به‌رده‌وام بووه. كاتێ كه
ئیسلامییه‌كان هاتوون‌و به هه‌موو ئه‌و هه‌رێم‌و ناوچانه‌ی، كه
تیایاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه، زمانی عاره‌بیان كردۆته زمانی ره‌سمی‌و
زانست‌و رۆشنبیری به ناوی ئه‌وه‌ی، كه زمانی قورئانی پیرۆزه‌و
قورئانیش فه‌رمووده‌ی خودایه. جا حه‌ڕانییه‌كانیش، ئه‌گه‌رچی
موسوڵمان نه‌بوون، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وتبوونه ژێر
ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامه‌وه، ناچار بوون‌و زمانی رۆشنبیری‌و نووسین‌و
كارنامه‌كانیان، كه به سوریانی‌و فارسی‌و یۆنانی بووه، بیگۆڕنه
سه‌ر زمانی عاره‌بیی قورئان. له‌و بایه‌ت‌و رشته نووسراوانه‌ی له‌و
ده‌مه‌دا باو بوون‌و وه‌رگێڕانیان بایه‌خی پێ ده‌درا بریتی بوون له
ئه‌ستێره‌ناسی
Astronomyو كیمیازانی‌و
ژیربێژی (لۆجیك
Logic). كاتێكیش
خه‌لیفه‌كانی ئیسلام گرنگیی ئه‌و زانیارییانه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه،
ئه‌وه‌نده‌ی‌تر بایه‌خیان پێداوه‌و هانی په‌روایان‌و لێزانانیان
داوه، كه هزرو بیری خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و
زانستانه.
ده‌شێ
له‌م هاندان‌و هه‌وڵدانه‌یاندا به‌هێزكردن‌و فراوانتركردنی
ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان مه‌به‌ست بووبێ. بۆ نموونه: ده‌شێ ویستبێتیان به
هۆی زانستی كیمیاوه له نهێنییه‌كانی ماده‌ن
Meniralو
كانزا Metalه‌كان
بزانن، به تایبه‌تی له دۆزینه‌وه‌ی چۆنێتی كردنی كانزایه‌كی
كڕپۆڵی هه‌رزان‌و بێبه‌های ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی وه‌ك جیوه، به
كانزای زیوه یان مسی زه‌رد، به زێڕسارا، كه زیاتر مه‌به‌ست بوو.
یاخود ویستبێتیان به هۆی زارشتی‌و یه‌زدانناسی
Theology
فه‌لسه‌فه‌ی فیزیک‌و میتافیزیک‌و رامیارییه‌وه نێوه‌ندی
ده‌سه‌ڵاتیان به‌هێز بكه‌ن‌و بیر‌و رێبازی نه‌یار‌و دوژمنه‌كانیان له
كۆڕی شه‌نگه‌بێژی‌و لێكۆنۆڕیندا (مناظرة) لاواز بكه‌ن‌و بیانبه‌زێنن،
به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له بازنه‌ی بیری ئیسلامی‌دا نه‌بوون، وه‌ك
مانی‌و زه‌رده‌شتییه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و وه‌رگێڕه
حه‌ڕانییانه‌یان ده‌گرته خۆ‌و هانیان ده‌دان هه‌رچییه‌ک بزانن له
خزمه‌تی خۆیاندا بێ وه‌ریگێڕنه سه‌ر زمانی عاره‌بی. ئه‌و
هاندانه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی، كه ئه‌و وه‌رگێڕزانانه
ده‌ستوه‌ردانی وه‌رگێڕانی ئه‌و بواره فره‌لایه‌نانه بن. له‌و
حه‌ڕانییانه‌ی له مێژووی وه‌رگێڕانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بۆ
زمانی عاره‌بی ناوبانگیان بووه: یۆحه‌نای پاتریك (له ساڵی 200ی
كۆچی‌دا مردووه)، كه بۆ یه‌كه‌مین جار فه‌لسه‌فه‌نامه‌یه‌كی ئه‌ڕیستو
به ناوی (ئاسمان‌و گه‌ردوون)ی وه‌رگێڕاوه، حه‌نین كوڕی ئیسحاقی
یه‌زدیدی حه‌ڕانی (له 260ی كۆچی‌دا مردووه)، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی
یۆحه‌نای زۆر پێ باش نه‌بووه‌و لێزانانه چاككاریی تیادا كردووه،
ئیسحاقی كوڕی حه‌نین (ساڵی 298ی كۆچی مردووه)، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی
(حه‌نین)ی باوكی هێناوه‌و ده‌ستكاریی تیادا كردووه. له
سه‌رده‌مێكی دواتردا، چه‌ند وه‌رگێڕێكی‌تر ناویان ده‌ركه‌وتووه،
وه‌ك: ئه‌بو بیشر مه‌تتیی كوڕی یونس، كه دووه‌م شێكارنامه‌كه‌ی
ئه‌ڕیستۆی وه‌رگێڕاوه به ناوی (سلۆگیزم
Syllogism)
(به واتای زارشته پێوانه/ القیاس المنطقي دێ)، هاوسه‌رده‌می
فاڕابی بووه‌و ساڵی 328ی كۆچی مردووه، یه‌حیای كوڕی عه‌دی،
كه له دوا نیوه‌ی سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی‌دا ژیاوه‌و چه‌ندین
لێزانی‌تر له‌م بواره‌دا.
ئه‌مانه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن، كه هه‌ر به هۆی
حه‌ڕانییه‌كانه‌وه، رێبازی فه‌لسه‌فیی ئه‌ڕیستۆ هاتۆته نێو
ئیسلامه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نن، كه زه‌مینه‌یه‌كی
رووناكبیری مه‌زنی وه‌ك بیری فه‌لسه‌فی ــ ئاوه‌زی به‌ر له‌وه‌ی
له نێو عاره‌بدا هه‌بێ هه‌بوو بێ، بۆ نوونه، (بزووتنه‌وه‌ی
ئه‌لموعته‌زیله)، له كوردستاندا هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی له بنه‌ڕه‌تدا
به‌شێكی بیروباوه‌ڕی زه‌رده‌شتییانه‌و مانی باوه‌ڕ بووبێ، یاخود
ده‌شێ له‌گه‌ڵ له‌شكركێشییه‌كه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ردا به‌هاری بیری
فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی‌و ئه‌ڕیستۆیی‌و ئیفڵاتوونی بووبێ، یاخود
هورمسی‌و پاییزی بیری فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان‌و نیوپلاتۆنیزم بووبێ.
(ابن
الندیم) له (الفهرست)ه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: "هۆی فره‌بوونی نووسراوه
فه‌لسه‌فییه‌كان‌و زانسته كۆنه‌كان له‌و وڵاتانه‌ی ئیسلامدا ئه‌وه
بووه، كه گوایه مه‌ئموون ــ خه‌لیفه‌ی عه‌بباسی له خه‌ونیدا
ئه‌ڕیستۆی دیوه‌و پێی راگه‌یاندووه، كه فه‌لسه‌فه‌نامه‌كانی
یۆنان، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خۆی وه‌رگێڕرێته سه‌ر زمانی
عاره‌بی‌و به‌بێ مه‌ترسیكردنیش له ئایینی ئیسلام بخوێنرێته‌وه. بۆ
ئه‌و كاره‌ش بودجه‌یه‌كی زۆری ته‌رخان كردووه.
مه‌ئموون له‌م كاره‌دا ویستوویه‌تی به‌هۆی ئه‌م بزاڤه رۆشنبیرییه
له وه‌رگێڕانی ئه‌و نووسراوه فه‌لسه‌فی‌و زانستییانه
زه‌مینه‌یه‌كی هزری پته‌و بۆ نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتڕه‌وییه‌كه‌ی بخا،
تاك‌و بتوانێ به‌كاری بهێنێ له رووی ئه‌و ته‌یار‌و گرۆهه
ئایینزایانه‌ی دژی ده‌ڵه‌تی ئیسلامی سوننی ده‌بنه‌وه، وه‌ك
مانی‌و ئیسماعیلی‌و شیعه‌كان، كه هه‌ندێ له كورد‌و فارس‌و
ئه‌فغانی‌و ئازه‌ری پێڕه‌وی بوون. ئه‌و ده‌مه‌ی پێغه‌مبه‌ر له
حیجاز ـ جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی بانگی ئیسلامه‌تیی دادا، زۆربه‌ی
كوردستان به‌شێ بووه له ئیمپراتۆرییه‌تی ساسانی (هه‌ندێ له
مێژوونووسان به ئێرانی گه‌وره ناویان بردووه). كه ته‌شه‌نه‌ی
كردووه‌و هه‌موو ئێرانی گه‌وره له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كاندا به
ته‌واوی كه‌وتۆته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامه‌وه، كوردستانیش، كه
به‌شێ بووه له‌و ئێرانه گه‌وره‌یه، بۆته گۆڕه‌پانێ بۆ
بزووتنه‌وه ئایینی‌و رامیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، خه‌ڵكی ئه‌و
هه‌رێمه كۆنانه‌ی ئێرانی گه‌وره، به‌ر له هاتنی ئیسلام ره‌دووی
ئایینی زه‌رده‌شتی‌و مانی‌و مه‌زده‌كی كه‌تبوون. به‌ڵام، كه
ئایینی ئیسلام هات‌و چووه ناویانه‌وه، ناچار بوون، كه واز له
باوه‌ڕی پێشینیان بهێنن‌و خۆیان بخه‌نه ئامێزی ئه‌و ئایینه
نوێیه‌وه (واته ئیسلام). به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له
ئه‌نجامی زه‌بری توندی ده‌سه‌ڵاتدارانی عاره‌ب، كه ئایینی
ئیسلامیان كردبووه ده‌ستاوێژێک‌و خواستی داگیركردن‌و خۆ به زۆر
سه‌پاندنیان بۆ سڕینه‌وه‌ی زمان‌و كه‌له‌پوورری ئه‌و گه‌ل‌و
نه‌ته‌وانه‌ی، كه ده‌كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتیان پێ ده‌هێنایه دی،
چه‌ندین راپه‌ڕین‌و بزاڤی ئایینی‌و رامیاری، چ به نهێنی‌و چ به
ئاشكرا، به زه‌مینه‌ی كۆنیانه‌وه دژ به ده‌سه‌ڵاتی
خه‌لیفه‌نشینه‌كان په‌یدا ده‌بوو. پاڵهێزی ئه‌و
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ش ته‌نها ئه‌و بیر‌و هۆش‌و فه‌لسه‌فه‌ی
رێبازه‌كه‌یان بووه، كه له چه‌ند ئایینزا‌و ته‌یارێكی ئایینی‌دا
ره‌نگی دابووه‌وه، وه‌ك شیعه، ئیسماعیلی، یه‌زیدی، عه‌لیولڵاهی
(عه‌لی ئیلاهی)، ئه‌هلی هه‌ققه‌و سۆفیگه‌ری‌و .. چه‌ندینی‌تر.
كه‌واته، ده‌شێ ئه‌و بزووتنه‌وه وه‌رگێڕانانه‌ی، كه خه‌لیفه
مه‌ئموون هانده‌ر‌و بایه‌خپێده‌ری بووه، مه‌به‌ستێكی ستراتیژیانه‌ی
بووبێ دژی بنجی ئه‌پستمۆلۆژیی نه‌یاره‌كانی، به‌ڵام ئاكامه‌كه‌ی
هاتنی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بوو بۆ نیۆ ئیسلام، كه لێوه‌ی را
فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی هه‌ڵهات‌و گه‌شه‌ی كرد. وێڕای ئه‌مانه‌ش، گه‌ر
ئه‌و هانده‌ری وه‌رگێڕانه نه‌بایه، له‌وانه‌بوو فه‌لسه‌فه‌ی
یۆنانی به ته‌واوی نه‌گه‌یشتبایه ئه‌وروپای خۆرئاوا، چونكه زۆر
له ده‌ستنووس‌و فه‌لسه‌فه‌نامه‌كانی یۆنانی، پاش ئه‌وه‌ی كرابوونه
عه‌ره‌بی، خودی ده‌قه یۆنانییه‌كان لێیان بزر ده‌بووو
نه‌ده‌دۆزرانه‌وه. كه‌واته دیسان ده‌شێ بوترێ، كه به هۆی ئه‌و
وه‌رگێڕكارانه‌ی حه‌ڕانییه‌كانه‌وه بوووه، كه فه‌لسه‌فه‌ی
ئیسلامی داهاتووه. یاخود به واتایه‌کی‌تر، فه‌یله‌سوفه
ئیسلامییه‌كان به هۆی ئه‌و وه‌رگێڕدراوانه‌وه به‌و راده‌یه
كارلێكراو بوون، كه دژی ئایینی ئیسلام نه‌بوون. بۆ نموونه: (ئه‌بی
مه‌نسوڕ ئه‌لفاڕابی (950ز) كه له فاڕاب له‌دایكبووه، چۆته شاری
حه‌ڕان، به‌هۆی ئه‌و وه‌رگێڕه حه‌ڕانییانه‌وه به فه‌لسه‌فه ئاشنا
بووه‌و وه‌رگێڕانه‌كانی ئیفڵاتوون‌و ئاڕیستۆی خوێندۆته‌وه، ئه‌وجا
به لێهاتوویی خۆی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و دووانه
فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆی داڕشتووه‌و سه‌ركه‌وتووانه‌ش توانیوێتی
شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌و فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی هۆگۆی یه‌كتر بكا.
هه‌روه‌ك خۆی له نووسینه‌كه‌یدا به ناوی (كۆكردنه‌وه‌ی راكانی
دانایان (ئه‌فڵاتوونی لاهووتی‌و ئه‌ڕیستۆ) ده‌ڵێ: "زۆر له خه‌ڵكی
ئه‌م سه‌رده‌مانه‌م دیتووه دژایه‌تییان له نێواندا بووه له‌سه‌ر
دێرینی‌و نادێرینیی جیهان‌و بڕواشیان وابووه، كه شتێزه‌و ناكۆكیی
زۆر له نێوان ئه‌م دوو دانا مه‌زنه‌دا هه‌یه سه‌باره‌ت به
سه‌لماندنی بوونی خوڵقێنه‌ری یه‌كه‌م‌و كێشه‌ی ئاوه‌زو گیان،
هه‌روه‌ها كێشه‌ی چاكه‌و خراپه‌و رامیاری‌و ره‌شت‌و زارشت. جا له‌م
داڕشتنه‌مدا ویستوومه رای هه‌ردوو ئه‌و دانایانه كۆبكه‌مه‌وه‌و
ناوه‌ڕۆكی بیروڕایان روون بكه‌مه‌وه بۆ رێكخستنی بیروڕای
هه‌ردووكیان. بۆ ئه‌وه‌ی گومان‌و دوودڵی له‌و كه‌سانه‌دا نه‌مێنێ
نووسراوه‌كانیان ده‌خوێننه‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش، كه فاڕابی چۆته
شاری حه‌ڕان، دانای دیانی (یۆحه‌نای كوڕی حه‌یلانی) له‌وێ
بووه، كه شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له دانایی یۆنانیدا هه‌بووه‌و
فارابی یش هۆگری ئه‌و شاره‌زاییه‌ی بووه‌و توانیوێتی كه‌ڵكی لـێ
وه‌ربگرێ. یاخود (ئیمامی غه‌زالی) (1058ز – 111ز)، كه به‌و
رێژه‌یه گه‌لێ كه‌ڵكی له‌و نامه وه‌رگێڕراوانه وه‌رگرتووه، كه
په‌یوه‌ندییان به زانستی ژمێره‌و ئه‌ندازه‌و پێوان‌و شێوه‌ی
گه‌ردوونه‌وه هه‌بووه. هه‌روه‌ها كه‌ڵكی له زارشتی
یۆنانییه‌كانه‌وه وه‌رگرتووه، كه زانستێكه زیانی بۆ ئایین نییه‌و
هه‌موو سروشتیش خودا خوڵقێنه‌ر‌و بزوێنه‌رێتی. هه‌روه‌ها له
رامیاریشی كۆڵیوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی
ده‌سه‌ڵاتداران‌و فه‌رمانڕه‌وایانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی بووه، له
نووسراوه ره‌وشتزانی
Ethicsیشی
كۆڵیوه‌ته‌وه، چه‌نكه له ره‌فتار‌و ده‌روونی مرۆڤ دواوه.
هه‌روه‌ها (ئه‌بوبه‌كری رازی) (865ز ـ 925ز)یش، كه به ته‌واوی
كاریگه‌ریی بیروڕای حه‌ڕانییه‌كانی له‌سه‌ر بووه‌و پزیشكێكی زۆر
ناوداری ئه‌و سه‌رده‌مه بووه، چه‌ند نووسراو‌و وتارێكی له‌سه‌ر
نووسیون. جا ئه‌و كارنامانه‌ی، كه هه‌یبووه ده‌رباره‌ی پزیشكی‌و
كیمیازانی‌و ئه‌پستمۆلۆجی، له هزرو بیری (گینۆسی)یه
هورمسییه‌كانه‌وه له رێی حه‌رانییه‌كانه‌وه وه‌رگرتووه.
له‌و
نووسراوانه‌ی ناوی شاری (حه‌ڕان)ی تیادا بردووه، ئه‌وه‌ی
كردووه، كه یه‌كه‌مین مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری بووه له جوگرافیای
مێژوویی، كه فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی به ئیسلام‌و خۆرهه‌ڵات
ناساندووه.
له‌و
دیارده گرنگانه‌ی‌تر، كه مێژوو ئاماژه‌ی بۆ كردووه ئه‌وه‌یه، كه
هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی زایینییه‌وه، حه‌ڕانییه‌كان بایه‌خیان
به زانسته‌كانی كلدانی‌و ته‌وژمه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی داوه.
گرنگترین رووداوی زانستی، كه له مێژوودا ناوی شاری (حه‌ڕان)ی
پێوه ئاوێزابێ، سه‌رده‌می خه‌لیفه (المتوكل)ی عه‌بباسییه، كه
ئه‌نجومه‌نی خوێندن له شاری (ئه‌نتاكیا)وه بۆ ئه‌و شاره
گوێزاوه‌ته‌وه، به‌ر له‌وه، تا ساڵی 99و 101ی كۆچی له شاری
ئه‌سكه‌نده‌ریه بووه. به‌ڵام له سه‌رده‌می خه‌لیفه (المعتضد)دا
گوێزراوه‌ته‌وه شاری به‌غدا. به درێژایی‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی، كه
ئه‌نجومه‌نی خوێندن له شاری (حه‌ڕان)دا بووه، وه‌رگێڕه‌كان زرنگ‌و
لێهاتوویی خۆیان خستۆته گه‌ڕ بۆ به‌عاره‌بیكردنی زۆربه‌ی نامه‌و
نووسراوه هورمسییه‌كان؛ ئه‌م كاره‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، كه
حه‌ڕانییه‌كان، به‌ر له هاتنی ئیسلام، به‌شێكی زۆری كه‌له‌پووری
رۆشنبیری‌و فه‌لسه‌فه‌ی هورمسییه‌كانیان خواستووه. ده‌شێ هه‌ر ئه‌و
وه‌رگێڕنامانه‌یان بووبێ، كه هۆكارێكی باڵای گێڕابێ له
په‌یداكردنی رێبازه‌كانی رازگه‌ری‌و سۆفیگه‌ری له سه‌رزه‌مینی
ئیسلام به گشتی‌و له كوردستان به تایبه‌تی.
[1]
ـ
وشه‌ی (ئاکادیمیا)، سه‌رچاوه‌که‌ی (ئاکادیمۆس)ه، تێکه‌ڵه له
ئه‌فسانه‌گه‌ری (متۆلۆجیی)و له مێژووی کۆن پێکه‌وه. له‌م دوو
سه‌رچاوه‌یه‌وه دیاره، که ناوی ئاکادیمۆس پێشتر قه‌دمۆس
(کادمۆس) بووه، که وه‌ک سه‌رچاوه مێژووییه‌کان باسی ده‌که‌ن‌و
له زۆربه‌ی ئینساکڵۆپیدیه‌کاندا هاتووه، که‌سا‌یه‌تییه‌کی
مێژوویی‌و ئه‌فسانه‌یی تێکه‌ڵاو بووه، له نێوه‌ڕاستی
هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زایین‌دا ده‌رکه‌وتووه. که‌سێ بووه له
نه‌ژادی فینیقیه‌کان‌و به رێگه‌ی بازرگانیی ده‌ریایی‌ی
ئه‌وسه‌رده‌مه دێرینه گه‌شتی کردووه‌و گه‌یشتۆته لای گریکه‌کان
له یونانی کۆن. بێگومان فینیقیه‌کانیش له هه‌ره کۆنترین
نه‌ژاده‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بوون، به‌ڵام له‌و ناوچه
جوگرافیه‌دا گوزه‌رانیان کردووه، که ئیمڕۆ وڵاتی لوبنان
ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ها مێژوو ده‌ڵی (قه‌دمۆس) لای فینیقیه‌کان
خوداوه‌ندی باران‌و ره‌شه‌با‌و باده‌و مه‌ی بووه، کوڕی (سووڕ)
بووه‌و برای ئوروپ (ئوروپا) بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه،
که قه‌دمۆس (کادمۆس) پیته‌کانی ئه‌لفبای له فینیقیه‌کانه‌وه
گوێزاوه‌ته‌وه بۆ لای یۆنانه‌کان (ئه‌سینا). هه‌ڵبه‌ت ئه‌و
کاره‌ی کادمۆس بۆ یه‌که‌مجار له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بۆته خاڵی
گۆڕاندن‌و وه‌رچه‌رخان له مێژووی شارستانیی مرۆڤایه‌تیدا، که
تاکۆ ئێستاش بۆته بناغه‌ی بیری مرۆڤایه‌تی‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی
رۆشنبیری به گێتیدا. دیاره وه‌ک ده‌گوترێ، ئه‌و (ئه‌لفبا)یه‌ی
کادمۆس له فینیکیاوه بردوویه‌تی بۆ یۆنان، به‌ره‌به‌ره پاشان
به خێراتر بۆته ئامڕازی هه‌ره گرنگ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی نووسین‌و
ئامڕازی ده‌ربڕینی بیر‌و بیرکردنه‌وه له نێوه‌ندی مرۆڤاندا.
که‌واته دیاره به‌هۆی (کادمۆس)ه‌وه وشه‌و بیر‌و دانایی
نووسراوه‌ته‌وه. که‌واته کادمۆس له مێژوودا به بیر‌و په‌نجه‌و
خامه‌ی یۆنانه کۆنه‌کان بۆته هێما بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی دانایی‌و
هونه‌ر‌و زانست. بۆته باوکی بیست‌و دوو پیته‌که‌ی ئه‌لفبا، که
بوونه‌ته ئامڕازی نووسین بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیر‌و زانست‌و
هونه‌ر له هه‌موو زمانه ئه‌وروپاییه‌کان‌و بۆته شێواز
ته‌نانه‌ت بۆ نووسینی هیندی‌و عه‌ره‌بی‌و عیبری‌و.. هتد. وه‌کو
رۆماننووسی فه‌ره‌نسی ئه‌ناتۆڵ فرانس ده‌ڵێ: "کادمۆس
به‌نخترین‌و به‌به‌هاترین دیاریی پێشکه‌ش به یونانه‌کان‌و به
جیهان کردووه، که ئه‌ویش بیست‌و دوو پیته، که ئه‌لفبای
فینیکه‌کانی لێ پێکهاتووه." له لایه‌کی دیه‌وه ده‌ڵێ: "کادمۆس
مامۆستای مامۆستایانی جیهانه، که مه‌شخه‌ڵی رۆشنبیریی بۆ
گریکه‌کان بردووه‌و ئه‌وانیش ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌یان بۆ جیهانی
رۆژئاوا بردووه.
وشه‌ی کادمۆس په‌یوه‌نیی راسته‌وخۆی به ئاکادیمیاکه‌ی
(ئیفڵاتۆن)ه‌وه هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌که‌ش له دوو
لایه‌نه‌وه‌یه؛ لایه‌نی یه‌که‌م ئه‌و ئه‌لفبای زانین‌و
هونه‌ر‌و داناییه‌یه، که ئیفڵاتوون کردوویه‌تی به ئامڕازی
پێگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌یی خۆێندکاره‌کانی، که له‌و
سه‌رده‌مه‌یدا، له سه‌ده‌ی سێیه‌می پێش مێژووی زاینی‌دا بۆ
زانست وه‌رگرتن له ده‌وری کۆده‌بوونه‌وه. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر
له‌به‌ر ئه‌وه‌شه فه‌لسه‌فه‌که‌ی (ئیفڵاتۆن) زیاتر به
ئاکادیمیای ئیفڵاتۆن ناسراوه. لایه‌نی دووه‌م ئه‌و دره‌خته
بووه، که (ئیفڵاتۆن) خوێندکاره‌کانی له‌بندا گردکردۆته‌وه، بۆ
ئه‌و مه‌به‌سته‌و ئیدی ئه‌و دره‌خته به ناوی ئاکادیمۆس، که
زۆر له وشه‌ی (کادمۆس)وه نزیکه ناوبانگی ده‌رکردووه.
من خۆم گه‌یشتمه ئه‌و راستییه، که دووه‌م خوێندنگا له جۆری
ئاکادیمۆس له مێژوودا، جێگه‌ی له سه‌ر خاکی کوردستاندا بووه.
به به‌ڵگه‌و سه‌رچاوه‌ی مێژوویی باوه‌ڕپێکراوه‌وه، ئه‌و
خوێندنگایه له شاری (حه‌ڕان) بووه، که شوێنه‌واری تاکو ئێستا
له کوردستانی باکووردا هه‌ر ماوه. له شاری (ئورفه)وه زۆر دوور
نییه. ئه‌و خۆێندنگایه‌ی حه‌ڕان گرنگترین رۆڵی له مێژوودا
بینیوه وه‌ک خوێندنگا بۆ پێگه‌یاندنی خوێندکارانی فه‌لسه‌فه‌و
دانایی‌و وه‌رگێڕان‌و زانسته‌کانی‌تر. ئه‌و خوێندنگایه ئه‌و
شاره دێرینه‌ی کوردستاندا رۆڵی هه‌ره گرنگی له پێگه‌یاندنی
هه‌ندێ له فه‌یله‌سووفاندا بینیوه، بۆ نموونه (ئه‌بو نه‌سر
ئه‌لفاڕابی) (ساڵی 950ی زایینی له‌دایکبووه) له‌و شاره‌دا
نامیلکه فه‌لسه‌فیه‌کانی ئه‌رستۆ‌و ئه‌فڵاتۆن‌ی خۆێندووه.
هه‌روه‌ها (ئیمامی غه‌زالی) (ساڵی 1058 له‌دایکبووه) زانستی
ماتماتیک‌و ئه‌ندازیاری‌و پێوان‌و گه‌ردووناسیی له‌وێ
خوێندووه.
گه‌ڕانه‌وه
|