|
کاریزمای کوردی
هه‌ندێ جار، ره‌نگه ساده‌ترین بیر، ئه‌گه‌ر له کات‌و شوێنی گونجاو‌دا
بگوترێ، ده‌بێته مه‌زنترین بیر. کات‌و سه‌رده‌می گونجاویش ئه‌و بار‌و
دۆخه‌یه، که دروست دهبێو ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به کۆمه‌ڵ
پێوه‌ی موبتهلاو گیرۆدهبنو چاوه‌ڕوانبن هه‌رکه‌سێ بێ، ئه‌حمه‌د بێ،
یان مه‌حموود بێ، بیرێکیان بۆ بکاته‌وه. به هه‌ر بیرێ بێ‌و وه‌ڵامیان
بۆ بدۆزێته‌وه بۆ پرسیار له کێشه‌که‌یان، واته چاره‌سه‌رێکیان بۆ
بدۆزێته‌وه له‌و بار‌و دۆخه‌ی تێی که‌وتوون رزگاریان ببێ. له‌به‌ر
ئه‌وه، هه‌ندێ جار، له قۆناغێک له قۆناغه‌کانی مێژووی کۆمه‌ڵگایه‌کدا،
که‌سێک په‌یدا ده‌بێ، بیرێکی بچووکی لا ده‌بێ، وه‌ڵامێکی ئاسانی پێ
ده‌دۆزێته‌وه بۆ پرسیارێک له وه‌ڵامه‌که ئاسانتر، بۆ خه‌ڵکانێ، که
خۆیان نایانه‌وێ وه‌ک ئه‌و که‌سه بیر بۆ خۆیان بکه‌نه‌وه. ئیتر، که
ئه‌و قۆناغه ته‌واو دهبێو ئه‌و بار‌و دۆخه ده‌گۆڕێ، ئه‌و بیره بچووک‌و
ئه‌و وه‌ڵامه ئاسانه، بۆ خه‌ڵکی ده‌بێته قسه‌ی گه‌وره‌و بیری مهزنو
فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بۆ سه‌رده‌مێ له سه‌رده‌مه‌کانی مێژوو. ره‌نگه بشبێ به
رێباز‌و به ئایینزاو به ئه‌فسانه‌ش.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ی ئیمڕۆ له کوردستاندا روو ده‌دا، نموونه‌یه‌که له‌م
بابه‌ته. له ماوه‌ی شه‌ڕی چه‌کداریی کورددا له دژی ده‌سه‌ڵاتی
مه‌رکه‌زیی به‌غدا، ئه‌م بیربۆچوونه‌ی له سه‌ره‌وه باسمکرد، کاریزمای
بۆ هه‌ندێ که‌سان له نێو شۆڕشه‌که‌دا دروستکرد. ئه‌و کاریزمایه
رهنگو شیوه نه‌گه‌تیڤه‌که‌ی، کاتێ ده‌رکه‌وت، که ئه‌و که‌سانه له
پاش پڕۆسه‌ی رووخاندنی رژێمی بهعسو له‌نێوبردنی سه‌دام حوسێن له
شاخه‌وه هاتنه نێو شارهکانو ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌ییان گرته ده‌ست. به
هه‌ر حاڵ، ئه‌و که‌سانه به‌هۆی ئه‌وه‌ی کارزیمای خۆیان له‌لای زۆربه‌ی
خه‌ڵکی کوردستاندا له‌ده‌ستدا، ئینجا خه‌ڵکی هاتنه ئه‌و بڕوایه‌ی
کاریزما بۆ کهسانێکیتر بۆ داهاتوو له‌بریی ئه‌وانه‌ی ئێستا دروست
بکه‌ن، چونکه ئه‌م جاره‌ش، دیسان ده‌یانه‌وێ چه‌ند که‌سێکیتر بێنه
گۆڕه‌پانی سیاسی‌و کۆمهڵایهتیو رۆشنبیرییه‌وه‌و بیریان بۆ
بکه‌نه‌وه‌و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره زۆر سووکانهیان بۆ بده‌نه‌وه، که
خۆیان ئازا نیین بتوانن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه. بهواتایهکیتر، خه‌ڵکی
چه‌ند کهسێکیتریان ده‌وێ بیانکه‌ن به ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر خۆیانه‌وه
له‌بریی ئه‌م چه‌ند که‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی، که بۆیان له‌ئارادان.
خواستی خه‌ڵکی بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و کاریزمایه له کهسانێکو
به‌خشینیان به کهسانێکیتر، ئه‌وه‌یه وه‌ڵامی ئازایانه‌یان له که‌سه
نوێکان ده‌ستکه‌وێ، که ئایا ده‌توانن ئه‌وه‌ی ده‌یخوازن بۆیان به‌دی
بهێنن؟ هه‌ڵبه‌ت داخوازییه‌کان نان‌و ئازادی‌و که‌رامه‌تی
مرۆڤایه‌تییانه. به‌ڵام، لێره‌دا، گرنگترین پرسیار ئه‌وه‌یه، که ئه‌م
خه‌ڵکه بۆچی خۆیان ئازایه‌تیی بیرکردنه‌وه‌یان نییه‌وه چاوه‌ڕوانن
که‌سێ له هه‌موویان ئازاتربێو بیریان بۆ بکاته‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت
ئازایه‌تیی بیرکردنه‌وه له یه‌ک سه‌رچاوه‌وه ده‌بێ، که ئه‌ویش
سه‌رچاوه‌ی ئازادییه. مرۆڤ تا ئازادیی نه‌بێ، ئازایه‌تیی نابێ.
بێگومان، هه‌ر وه‌کو فه‌یله‌سووفی مێژوو (ئیزاک به‌رلین) ده‌ڵێ:
"ئازادیی ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ بتوانێ به مێشکی سه‌ری خۆی بیر بکاته‌وه
نه‌ک به مێشکی سه‌ری که‌سێکیتر." هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش کارێکی ئاسان نییه.
واته ئاسان نییه مرۆڤ بتوانێ بڕیاری ئازایانه بدا‌و نه‌زانێ ئاخۆ له
ئه‌نجامه‌که‌یدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ، یان نا؟ مرۆڤی ترسنۆک هه‌رگیز ئازا
نییه، که چاره‌نووسی خۆی بۆ ئازادیی خۆی بخاته مهترسیو دژوارییه‌وه.
مرۆڤی ترسنۆک هه‌میشه حه‌زی له ژیانی هێمنیو ئاسوودهییو
سه‌ربه‌ستییه، واته خۆی نه‌خاته باری دژوارییه‌وه. مرۆڤی ئازاش هزری
بهرههڵستکاریو یاخیبوونی تیایه، ده‌خوازێ مه‌زنی خۆی بکوژێ، به
مێشکی باوکی بیر نه‌کاته‌وه، خۆی شته‌کان بگۆڕێ، خۆی گۆڕان دروست بکا.
بێگومان هه‌موومان به‌رده‌وام ئه‌و وته‌یه که‌وتۆته به‌ر گوێمان، که
ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ده‌ڵێ: "هیچ ئازادییه‌ک به ره‌هایی نییه، به‌ڵکو زۆرجار
مرۆڤ ده‌بێ ملکه‌چی یاسا، یان عورف‌و رهوشتو نه‌ریت بێ." ئه‌م رێبازی
بیرکردنه‌وه‌یه، له ئه‌وروپادا له سه‌ره‌تای کۆتایی ساڵانی جه‌نگی
جیهانیی دووه‌مه‌وه بوو به به‌شێکی گه‌وره له خولیا له مێشکی مرۆڤه
رۆشنبیره‌کانی. پێشتر، به‌ر له‌و جه‌نگی گێتییه، زۆربه‌ی رووناکبیرانی
ئه‌وروپا ببوون به لایه‌نگرانی نموونه‌یه‌ک له سیستمی لیبڕالیی
کلاسیکی، که ته‌نها به راده‌یه‌کی که‌م نه‌بێ، حکومه‌ت نه‌ده‌بوو خۆی
له ژیانی تایبه‌تی خهڵکیو له بازاڕ هه‌ڵبقورتێنێ. به‌ڵام ئه‌م
رێبازی بیرکردنه‌وه‌یه، له دوای ساڵانی
جه‌نگه‌وه، به‌ره به‌ره، بهرگهڕایه دواوه، له‌به‌ر دوو هۆکار:
یه‌که‌میان له‌به‌ر ئه‌و ویرانکارییه مه‌زنه‌ی جه‌نگ به‌جێیهێشتبوو،
که ناچار ده‌بووایه ته‌قه‌للایه‌کی زۆر بدرێ، به تاکو به کۆمه‌ڵ بۆ
ژیاندنه‌وه‌و ئاوه‌دانکردنه‌وه له سه‌رانسه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپادا، به
تایبه‌تی ده‌بووایه ده‌وڵه‌ته مه‌رکه‌زییه‌کان ببنه خاوه‌نی پلاندانان
بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ. دووه‌میان له‌به‌ر ئه‌و
هۆیه بوو، که وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژههڵاتو که‌مپی کۆمۆنیستی‌و
سۆشیالیستیش، واته یه‌کێتیی سۆڤیهتو چین، ئه‌و رێگه‌یه‌یان به توندی
گرته به‌ر له پلاندانانی مه‌رکه‌زیو له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتدا،
که له ساڵانی نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوودا به جۆرێکی سه‌رنج راکێش
توانییان بووژاندنه‌وه له باری ئابووری‌و پیشهسازیو بازرگانیی باڵادا
بکه‌ن.
به‌ڵام بێگومان زۆربه‌ی بیرمهندانو رووناکبیران درکیان به کێشه‌و
قه‌یرانێکی جیهانیی گه‌وره ده‌کرد، که له که‌مپێکدا وڵاته‌کانی
پێویستیان به ئاودانکردنه‌وه‌ی ئابووری‌و بازرگانی‌و پیشهسازیو
به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاسنین‌و به‌هێز بوو، که به ئاسانی بتوانن
خۆیان له هه‌موو شت هه‌ڵبقورتێنن، له کهمپێکیتیشدا، له وڵاتانی
به‌رامبه‌ریشدا ترس‌و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وه په‌یدا ببوو، که ده‌ستوه‌ردانی
ده‌وڵه‌ت له بازاڕ‌و له ژیانی خه‌ڵکی ده‌یکا به ده‌سه‌ڵاتێکی
زهبهلاحو دیکتاتۆری سه‌رده‌م، که بتوانێ ئازادیی مرۆڤی تاکو
کۆمه‌ڵیش قووت بدا‌و سیستمێکی دیکتاتۆری، یان تۆتالیتاری بسه‌پێنێ.
بێگومان زۆربه‌ی رووناکبیران ترسیان ته‌نها له داگیرکردنی ئازادیی
خۆیان وه‌ک تاکه‌که‌س نه‌بوو، به‌ڵکو ترسیشیان له‌وه بوو ده‌سه‌ڵاتی
حکومه‌ته‌کان بێ شومارو بێ سنوور بێ‌و ستهمو زۆرداری وه‌ک سه‌ده‌کانی
نێوه‌ڕاست جارێکی‌تر بگه‌ڕێته‌وه‌و مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه ترسناکه
دووباره بێته‌وه، یان جهنگێکیتر وه‌ک جه‌نگی جیهانیی یهکهمو
دووه‌م دووباره‌بێته‌وه، (هتله‌ر)یان هه‌میشه ده‌کرد به نموونه‌ی
حاکمێ، که ده‌سه‌ڵاته رههاو بێ سنووره‌که‌ی به‌کارهێنا بۆ
گیرۆده‌کردنی ئه‌ڵمانیا به ئاگرێکه‌وه، که ته‌ڕو وشکی هه‌موو پێکه‌وه
سووتاند. له‌و سه‌رده‌مه‌ی (هتله‌ر)دا رووناکبیرانی ئه‌ڵمان
ده‌یانزانی، که هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌ڵمان یه‌ک پرسیار له مێشکیاندا
مه‌ییوه: "ئایا قومار له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها به حیزب‌و
حکومه‌ت ببه‌خشن بۆ رێکخستنه‌وه‌ی باری ژیانیان‌و بۆ سڕینه‌وه‌ی
پاشماوه‌کانی جه‌نگ؟" واته: "ئایا به‌رژه‌وه‌ندیی ماددی به ئاشکرا
بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندیی ئازادیی تاکه‌کان، یان بهرگریو پارێزگاری
له ئازادی بکه‌ن به هه‌ر نرخێ بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی
وه‌ستاندنی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ش بێ؟. بێگومان ئه‌و کاته زۆربه‌ی خه‌ڵکی
لایه‌نی یه‌که‌میان هه‌ڵده‌بژارد، واته به‌رژه‌وه‌ندیی ماددییان
ده‌ویست له‌سه‌ر حسابی ئازادییان، چونکه به‌رگه‌ی سه‌ختیی باری ژیان‌و
گوزه‌رانیان نه‌ده‌گرد. به‌ڵام رۆشنبیرانی راسته‌قینه‌و بیرمه‌ندو
فه‌یله‌سووفه‌کان ته‌ماشای کۆتایی مه‌سه‌له‌که‌یان ده‌کرد، نه‌ک
سه‌ره‌تاکه‌ی.
له‌و ده‌مه‌دا، فه‌یله‌سووفی مێژووی نوێ، (ئیزاک به‌رلین)، له‌دایکبووی
(لاتڤیا)، به بیرکردنه‌وه‌ی خۆی چاره‌سه‌رێکی زۆر ساده‌و ئاسانی
نیشاندا، که ئه‌ویش پێویستکردن بوو به جیاکردنه‌وه‌ی دوو شت له
یه‌کتری: (ئازادیی نهگهتیڤو ئازادیی پۆزه‌تیڤ). به لای (ئیزاک
به‌رلین)ه‌وه، (ئازادیی نه‌گه‌تیڤ) ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند، که ئه‌و سنووره
تایبه‌ته‌یه، که مرۆڤ تیایدا به خواست‌و قه‌ناعه‌تی خۆی ره‌فتارو
چالاکی بکا بێ ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێ، یان هیچ شتێ رێگر بێ له‌به‌رده‌میدا،
وه‌ک ده‌سه‌ڵات، یان یاسا، که رێگر بن له بهردمهمی ئازادیی
بیرکردنهوهیو بیروباوه‌ڕ دهربڕینو ئازادیی ژیان‌و کارکردن، هه‌ر
شتێ، که خۆی بیه‌وێ بیکاو له هه‌ر جێگایه‌کدا بیه‌وێ بیکاو بژی، به
مه‌رجێ ئه‌و ئازادییه‌ی نه‌بێته زیان بۆ که‌سێکیتر. ئه‌م جۆره
ئازادییه‌ش، به رای ئه‌و فه‌یله‌سووفه، سادهترینو ئاسانترین
به‌رجه‌سته‌کردنی واتای مرۆڤبوون بوو. ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌و مافه به مرۆڤ
نه‌درێ، که‌واته له مرۆڤبوونی ناهێڵرێو مامه‌ڵه‌ی ئاژه‌ڵی له‌گه‌ڵدا
ده‌کرێ. له‌به‌ر ئه‌وه (ئیزاک به‌رلین) بڕوای وا بوو، که مرۆڤ مه‌رجه
یاسا بیپارێزێ، نه‌ک سنووری بۆ دابنێ‌و لغاوی بکا. دیاره زۆربه‌ی
رۆشنبیرانی ئه‌وروپا گه‌یشتبوونه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی، که دهسهڵاتو
حکومه‌ت ده‌بێ رێز له ئازادیی مرۆڤ بگرێ، چونکه مهرجو بناغه‌ی
مرۆڤبوونییهتی. (ئازادیی پۆزه‌تیڤ)ش به لای (به‌رلین)ه‌وه ئه‌وه‌ی
ده‌گه‌یاند، که مرۆڤ بۆی هه‌بێ ره‌فتارو چالاکییه‌کانی له سنوورێکدا
بن، که له ژیاندا هاوبهشو به‌شدار بن له‌گه‌ڵ که‌سانیتری نێو
کۆمه‌ڵ.
ئیمڕۆ، به گشتی هزری زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئێمه‌ی کوردیش ئه‌وه‌یه هه‌میشه
که‌سێکمان بوێ شانازیی پێوه بکهینو بیکه‌ین به رابه‌ری سیاسی‌و یان
ئایینی، یان عه‌شایه‌ریی خۆمان‌و بچینه ژێر سایه‌و دهسهڵاتییهوهو
بیکه‌ن به نموونه‌ی باڵا له ئازایهتیو دانایی‌و بلیمه‌تیدا.
ته‌نانه‌ت دوای بیر‌و باوه‌ڕی بکهوینو بیرکردنه‌وه‌مان به مێشکی
ئه‌وه بێ. به‌رژه‌وه‌ندیمان له به‌ژه‌وه‌ندیی ئه‌ودا بێ‌و قازانج‌و
سه‌رکه‌وتنمان له قازانج‌و سه‌رکه‌وتنی ئه‌ودا بێ. له‌وه ده‌چی ئێمه به
بێ فڵان حیزبی سیاسی‌و فڵان سه‌رکرده‌ی سیاسی‌و رابه‌ری عهسکهریو
فڵان سه‌رۆک عهشرهتو فڵان مه‌لای دوانزه عیلم‌و فڵان‌و فڵان
نهژینو نه‌توانین هه‌ناسه هه‌ڵمژین. چونکه دیاره هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه
له ئێمه مهزنترنو پیرۆزترنو ئازاترنو بلیمهتترنو زیره‌کترن.
مرۆڤی کورد ئه‌گه‌ر به‌و جۆره بیر بکاته‌وه، یان ده‌بێ ئازادیی
بیرکردنه‌وه‌ی نهبێو خۆی خاوه‌نی هیچ بڕیارێ نهبێو یان ده‌بێ هه‌ر
بیرنه‌کاته‌وه.
بێگومان، مرۆڤێک ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێ له زینداندا بێ‌و بێته ده‌ره‌وه،
یه‌که‌مین شت نیگه‌رانی بکا، ئازادییه‌که‌یه‌تی. ئه‌و ئازادییهیهتی،
که ماوه‌ی ساڵانی له زینداندا خه‌ونی پێوه بینیوه. به‌ڵام ئێستا، که
ته‌مه‌نی ژیانی به‌سه‌ر چووه، نه‌زانێ چی له‌و ئازادییه بکا. ره‌نگه
ئه‌مجاره‌یان بڕیارێکی له‌به‌رده‌مدا بێ، زۆر له‌و بڕیاره سه‌ختتر بێ،
که ساڵانی له‌وه‌وبه‌ری، به‌ر له‌وه‌ی بچێته زیندانه‌وه بۆ ئازادی
دابێتی. ئه‌ی که‌واته چار؟ ده‌بێ له رابردووی په‌شیمان بێ‌و هه‌ست به
په‌شیمانی بکا، یان ئیتر هیچ بڕیاری نهمێنێو بڕیار بۆ هیچ شتێ نه‌دا؟
وه‌ک کورد ده‌ڵێ "ده‌ست به کڵاوه‌که‌ته‌وه بگره با نه‌یبا."
بێگومان مرۆڤ ئه‌و مرۆڤه‌یه بتوانێ به مێشکی سه‌ری خۆی بیر بکاته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌دۆڕێ، ده‌بێ خۆی بڕیار بۆ خۆی بدا دوای کێ بکه‌وێ، نه‌ک
که‌سێکیتر بڕیاره‌که‌ی بۆ بدا. واته ده‌بێ خۆی خۆی ئازاد بکا، نه‌ک
که‌سێکیتر ئازادی بکا. (ئیزاک به‌رلین) ده‌ڵێ: "ئازادم مه‌که،
مهمدۆڕێنه، لێمگه‌ڕێ خۆم ئازادیی خۆم هه‌ڵبژێرم. ئازادی ئه‌وه نییه چی
بکهمو چی نه‌که‌م، یان به‌سه‌رمدا بیسه‌پێنن، به‌ڵکو ئازادی
ئه‌وه‌یه به ره‌زامه‌ندیی خۆم چی بکه‌م." که‌واته ئازادیی مرۆڤی کورد
ئه‌وه نییه حیزب، یان ده‌سه‌ڵات، یان حکومه‌ت بۆی دابین بکاو پێی
ببه‌خشێ، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه، که خۆی بڕیاری هه‌بێ تیایدا
گه‌ڕانه‌وه |